مافه‌کانمان

سه‌باره‌ت به‌ئاشکرا کردنی ڕاستیه‌ کان

مافه‌کانمان

سه‌باره‌ت به‌ئاشکرا کردنی ڕاستیه‌ کان

گەندەڵییەکانى کەرتى تەندروستى سلێمانى (بەشى سێهەم)

گەندەڵییەکانى کەرتى تەندروستى سلێمانى (بەشى سێهەم)



سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى، لە کار و چالاکى و لە بەرنامەشدا گەندەڵە
کارمەندەکەى هاورێم لە درێژەى قسەکانیدا لە سەر گەندەڵیەکانى کەرتى تەندروستى، باسى گەندەڵیەکانى سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى بۆ کردم، وتى: لە وڵاتە دیموکراتەکاندا، سەندیکا و رێکخراوى ناحکومى، پێشەنگى کۆمەڵگاى مەدەنیە، پردێکە لە نێوان دەسەڵات و جەماوەردا، 

داواکارى خەڵک دەگەیەنێتـە دەسەڵات و چاودێرى کارەکانى دەسەڵات دەکات، لە چوراچێوەى بەرژەوەندى گشتیدا، داکۆکى لە مافى تاک و پێکهاتە جیاکانى کۆمەڵ و نوێنەرایەتى ئەو پێکهاتانە دەکات، کە بەرژەوەندیان لە گۆرٍان و گەشەکردندایە، بەڵام لە سایەى دەسەڵاتى حیزبیى هەرێمى کوردستاندا، سەندیکا و رێکخراوە نا حکومیەکان، لە رێرەوى ئاسایى خۆیان لایانداوە، بونەتە بەشێک لە دەسەڵاتى حیزبیى هەرێم، ئتر ئەو سەندیکایانەش وەک حیزب چونەتە ناو دەسەڵاتەوە، بەو خۆتێکەڵکردنە لەگەڵ حیزب و حکومەت، هێندەى تر گۆمى گەندەڵی کەرتى تەندروستى هەرێمیان قوڵکردوە.
لە دواى راپەرین، هەرێمى کوردستان لە نێوان پارتى و یەکێتیدا دابەشکرا، سەندیکا و رێکخراوە ناحکومیەکانیش دابەشکران، هەر حیزبە و نوێنەرى خۆى کردە بەرپرسى سەندیکا و رێکخراوى سنورى دەسەڵاتى خۆى، سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى لە سنورى دەسەڵاتى یەکێتیدا بو بە موڵکى یەکێتى، سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى لە سنورى دەسەڵاتى پارتى بو بە مۆڵکى پارتى، سەندیکاى پزیشکانیش بە هەمان شێوەى سەندیکاى کارمەندان دابەشکرا.
سروشتى هزرى خۆپەرستانەى بەرپرسى سەندیکا و رێکخراوەکان، پابەندبوونیان بە سیاسەتى حیزبەوە، حساب نەکردنى سەندیکا بوو بۆ بەرژەوەندى نەخۆش و بۆ پێشخستنى زانست و خزمەتگوزارى تەندروستى، سەندیکاى لە بەها و ئامانجەکانى دورخستەوە، ئەگەر سەرنجى شێوازى دامەزراندن و کارو چالاکیەکانى سەندیکاى کارمەندان تەندروستى بدەین، بۆمان روندەبێتەوە کە یەک لە هۆکارەکانى گەندەڵبونى کەرتى تەندروستى سەندیکاى کارمەندانى تەندروستیە.

هەر لە سەرەتاوە لە کاتى هەڵبژاردنى دەستەى باڵاى سەندیکاى کارمەندانى تەندروستیدا، بەتەنها حیزبى دەسەڵاتدار دەستى نەخستە ناو پرۆسەى هەڵبژاردنى دەستەى باڵاى سەندیکاوە، مەفرەزەیەکى چەکدارى ئاسایشى سلێمانى، لە ژێر فەرماندەیى تەوفیق عەلى کۆنە گۆرانیبێژدا، هاتنە ناو قاعەى کۆنفرانسەکە و کەوتنە تەزویر کردن بۆ جەبار و گروپەکەى، هەر کەسیش قسەى بکردایە و نارەزایى نیشانبدایە، هەرەشەى دەستگیرکردنیان لێدەکرد.ئاخۆ ئەگەر دەستەى باڵاى سەندیکایەک لە دواى راپەرینەوە تا ئەمرۆ حیزب و ئاسایش بیسەپێنیت بە سەر کارمەنداندا، چى بۆ کارمەندان و نەخۆش و بریندارانى کوردستان دەکات، ؟ چى بۆ پێشخستنى خزمەتگوزارى تەندروستى دەکات؟


1.لە سەر داواى سەندیکا، بە بێ رەزامەندى کارمەندانى تەندروستى، حکومەتى هەرێمى کوردستان بریارى داوە هەمو مانگێک هەر کارمەندێک بڕێک لە موچەکەى ببڕدرێت و بدرێت بە سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى، ئەم بریارە مانگانە لە لایەن کارمەندانى دارایى فەرمانگە و نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکانەوە جێبەجێدەکرێت.بەو شێوەیە کارمەند بە تەنها زیانى مادى ناکات، بەڵکو بە ناچارى، بە بێ ئەوەى رەزامەندى وەربگیرێت، دەکرێتە ئەندامى سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى .ئەم جۆرە رەفتارانەى سەندیکا و حکومەت، نیشانى دەدات کە چۆن سەندیکا لە ئەرکى راستەقینەى خۆى لایداوە و بۆتە بەشێک لە دەسەڵات، نارەزایى کارمەندان بۆ ئەو بریارەى حکومەت، هێندەى تر پێوەندى نێوان دەسەڵات و کارمەندان ناکۆک دەکات و رێگە لەبەردەم کێشەى تردا دەکاتەوە.

2.یەک لە کارەکانى ترى سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى ئەوە بووە، کە بەرپرسانى سەندیکا، لە شار و قەزا و ناحیەکانى کوردستاندا، واز لە کارى پیشەیى بهێنن و تەفەروغ بکەن بۆ کارى حیزبى و کارى رێکخراوەیى، بەڵام لە هەمان کاتدا، لە فەرمانگەى تەندروستى و نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان موچەی خۆیان وەربگرن. ئەم دیاردەیە یەک لە جۆرەکانى گەندەڵییە کە بە لاى سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى کوردستانەوە کارێکى ئاساییە، بەڵام لە راستیدا یەکێکە لە هۆکارى گەندەڵییەکانى وەزاترەتى تەندروستى، کاتێک کارمەندێک دەبینێت هاوکارەکەى کارى پیشەکەى ئەنجام نادات، بەڵام وەک ئەو موچە وەردەگرێت، ئیتر ئەو کارمەندەش برواى لاواز دەبێت و وەک پێویست ئەرکى سەرشانى خۆى ئەنجام نادات.

3.سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى کوردستان، داکۆکى لەو کارمەندانە دەکات کە دلسۆزى حیزبن، بەرامبەر بەو دلسۆزیەیان سەندیکا داوا لەبەرپرسانى وەزارەتى تەندروستى دەکات ئەو کارمەندانە لە بنکە تەندروستیەکان دابنێن و لە نەخۆشخانەکان دایان نەنێن، بەو شێوەیە ژمارەى کارمەندانى تەندروستى لە بنکەکانى تەندروستى تا دێت زۆرتر دەبن، وایلێهاتوە، هەر کارمەندێک هەفتەى رۆژێک دوو رۆژ لە بنکەکان دەوام دەکەن، بەو شێوەیە کارمەندانى تەندروستى لە لایەکەوە فێرى تەمەڵى دەبن، لە لایەکى ترەوە پەنا دەبەنە بەر کارى تر و پیشەکەى خۆیانیانیان لە بیردەچێتەوە.


4.یەک لە کارەکانى ترى سەندیکاى کارمەندان هەوڵدان بووە بۆ ئەوەوى زەوى لە حکومەت وەربگرن و بە سەر کارمەنداندا دابەشى بکەن، دابەشکردنى زەوى بەسەر کارمەنداندا زۆر نادادپەروەرانەیە، هەندێک کارمەند هەیە لەبەر ئەوەى لەگەڵ حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا نییە، خاڵى زۆریشى هەیە، بەڵام تا ئێستە زەوى پێنەدراوە، کارمەندى تر هەیە لەبەر ئەوەى دڵسۆزى سەندیکا و حیزبە، خاڵى تەواویشى نییە، کەچى زەوى بەسەردا دابەشکراوە.لە هەندێک شوێن سەندیکا زەویان بەسەر کارمەندا دابەش کردووە، کە خاڵى زۆر کەمیان بووە، بەڵام مەرجیان بۆ داناون کە دواى ئەوەى زەویەکەى وەرگرت نیوەى بداتە بەرپرسێکى حیزب و سەندیکا.
5.هەر بەرپرسێکى وەزارەتى تەندروستى، لە ئاستى وەزیردا تا بەرپرسى نەخۆشخانە و بنکەى تەندروستى، ئەگەر هەوڵى کەمکردنەوەى دیاردەى گەندەڵى دابێت، هەوڵى داخستنى دوکانى لاکۆڵان و دەرمانخانە نایاساییەکانى دابێت، یەکسەر سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى چون بە گژیا، لە رێگەى مەلا بەختیار و بەرزانى ئەحمە کوردە و جەمال تالەبانیەوە، لاى تاڵەبانى و هێرۆ شکاتیان لێکراوە و کێشەیان بۆ دروستکردوون.

6. نوێترین چالاکى گەندەڵکارى سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى، دەیانەوێت زیاد لە ژمارەی نوێنەرە هەڵبژێراوەکانیان، 35 سى و پێنج کەس لە لاى سەندیکاى پارتى و 35 سى و پێنج کەس لە لاى سەندیکاى یەکێتى بکەنە ئەندامى کۆنگرەى سەندیکاى کارمەندان کە بریارە رۆژانى 11، 12، -1-2012 ساز بکرێت، ئەم کارەى سەندیکا دەبێتە هۆى نانەوەى کێشە لە نێوان لیستەکانى کارمەندانى تەندروستیدا، یان دەبێتە هۆکارى پەکخستنى کۆنگرە، یان لیستى دەسەڵات لە رێگەى ئەو بریارەوە خۆى دەسەپێنێت و دەستەى باڵاى سەندیکا بۆ خۆى قۆرخ دەکاتەوە و درێژە بە گەندەڵکردنى کەرتى تەندروستى دەدات.

هاورێکەم باسى ئەوەى بۆ کردم کە سەرچاوەى بریارى بانگهێشتکردنى ئەم 35 کەسە لەوەوە هاتووە، لە پەیرەوى ناوخۆى سەندیکاى کارمەنداندا بەندێکی تێدایە، کە لیستى براوە بۆى هەیە بۆ کۆنگرە 35 کەس زیاد لە نوێنەرە هەڵبژێراوەکان بانگهێشت بکات، بەندى وا لە پەیرەوى ناوخۆى هیچ سەندیکایەکدا نییە، بەو شێوەیە ئاشکرا دەبێت کە سەندیکاى کارمەندان تەنها بە کار و چالاکى گەندەڵى ناکات، بە بەرنامە و پەیرەویش گەندەڵە.

نظرات 0 + ارسال نظر
برای نمایش آواتار خود در این وبلاگ در سایت Gravatar.com ثبت نام کنید. (راهنما)
ایمیل شما بعد از ثبت نمایش داده نخواهد شد